دایکم و گەسکەکەی
دایکم و گەسکەکەی
October 08, 2026

چەندێ دڵخۆش بووم بە وەرگرتن، دە هێندە و پتر دڵتەنگی بە دەرکردن.
بەرگی سەرشۆڕیمان نەپۆشی، لەسەرهەندێ دەریانکردین، دەرگای خوێندنیان بە روودا داخستین. لێ ئاسوودەین، بەوەی مل بۆ بڕیاری بەغدا نادەین.
ترسمان لەوەیە بەغدا نەهێلێ ئەو یاخیبوونەمان لەسەربچێ، ناومان بۆ سەربازی بێتەوە و بۆ بەرەی جەنگ رامانپێچێ.
من و سەربازی! وەبیرمدێ تازە دەستم داری دەگرت، هەرێم بە خۆم دا بابم چەندێ سەربازی کرد، منیش هەر هێندە.
بەر لە یازدەی ئازارێ لە سەربازگەکەی ئەوبەری ماڵێ، مەشق و سزای سەرپێچیی سەربازانم دیبوو.
خۆ ئەوەی (سەلام قوت)یان دەگۆتێ، لە دیدی منەوە سووکایەتییەکی گەورە بوو. گۆتەیەکی باپیریشم وا لە گوێمدا دەزرینگێتەوە: لە دەستمبێ، رێنادەم نەوەی نەوەشم پێیان بخەنە ناو پۆستاڵەوە. لە دڵێ خۆ دەمگۆ: باپیرە، من لە قسەی تۆ دەرناچم.
هەینێ گۆتەیێ لە سەر زاران بوو: هەر کەسێ سەربازی نەکات نابێتە پیاو. وێدەچێ مەبەستیان لەو پیاوبوونە وابەستەی یاساورێسا، پشتبەخۆبەستن و ئەو شتانە بووبێ. حوسێنی کوڕە خاڵ کە پێشمەرگەی دێرین بوو، گۆتەکەی زۆر دەگۆتەوە، بەڵام پێشمەرگەی لە جێی سەرباز دانابوو. پێشمەرگە!
لەو سەردەمەی خۆکوژی و جەنگە، سەرباز و جاشی لێ دەرچێ ببمە هەر شتێ، باشترە لەوەی ببمە پێشمەرگە. ئاخر پارتەکانی چیا چەپ و راست بەناو ئێکدی وەربوونە. سەرتیپی هاوڕێم دەیگۆ: هاوڕێ، من و تۆ لێرە چەند برادەرین، ئەگەر بچینە سەرێ، ناچارین سەنگەر لێکدی بگرین. گوتم: ئەگەر وەرنەگیرێینەوە، کونێ بۆ خۆشاردنەوە دەبینمەوە.
لەو ماوەیە کەم دەچوومە دەرێ، لە حەفتەی جارێ دوو بە پێیان و کۆڵان کۆڵان دەچوومە بازاڕ. بە جلکوبەرگی زانکۆوە دەگەڕام، لۆوەی گەڕەک و بێرییەسۆر هەر وا بزانن قوتابیم و دەرنەکراوم. تا کاتی پشووی خوێندنیش دانەهات، نەمدەوێرا بچمە کرێکاری، ئاخر بە جلکی کرێکارییەوە بێریەسۆر داوای ناسنامەیان لێ کردبای، دوور نەبوو بتگرن. با هەر ناسنامەی زانکۆ و پەراوی راژەت لە بەڕکێ بێ، دەزانن تۆ دەرکراوی، تۆ فەرمانی سەرۆکی فەرماندەت شکاندووە.
شار پڕە لە بێرییەسۆر، رێت بکەوێتە هەر شەقامێ لێرە و لەوێ راوەستاون.
دەڵێی چاوئێشەن دەگەڕێن، دەچیە هەر شوێنێ لە بەر دەمت قیتدەبنەوە.
لەگەڵ گەردوگوڵی بەیانی بە ناو مەیدانی کرێکاران وەردەبن. دەستەی تایبەت لە رێوبانان بازگە دادەنێن و پەڕەسێلکەش بێ ناسنامە لە دەستیان دەرباز نابێ.
کەڕەتێ لە بەری گەڕەکی موفتییەوە بە کۆڵانە بەرینەکەدا دەگەڕامەوە.
ماڵمان لە سەر کۆڵانێکی پەڕگەی بەلاشاوەیە. لە دوورەوە دایکمم دی، لە سیلەی خانوو روو لە من راوەستاوە. گەسکی بە دەستەوە، بەرز و نزمی دەکاتەوە. هەندێ لە دیوار دوورکەوتەوە، گەسکەکەی خستە پشتی و پشتاوپشت بەرەو رووی من چەند هەنگاوێکی نا. گەسکەکەشی بە شێوەیەک دەجوولاندەوە، وەک بڵێی هەوا بماڵێ. لۆ وا دەکات؟ باشبوو زوو تێگەیشتم، دەنا دوورنەبوو پێوەبم. گەڕامەوە دواوە، لە پێش دەرگایەک راوەستام. هێندەی نەبرد برا هەشت نۆ ساڵانەکەم پەیدابوو. گوتی: دەوری گەڕەک گیراوە، بن ئەو دیوارانە پڕن لە چەکدار، ماڵان دەگەڕێن و خەڵک دەگرن.
دواتر دەمگۆتە دایکم: هۆدا. لە بەر چاوم ناوماڵ مەماڵە، گەسکت بە دەستەوە ببینم، دەڕەوێمەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved