مەمشۆوە بە قوڕاوێ، چاکەی دوایێم ناوێ!
مەمشۆوە بە قوڕاوێ، چاکەی دوایێم ناوێ!

ئێمە نەتەوەیەکی سەیرین، ئەزانن؟! هاتووین گەورەییی نووسەر و هونەرمەندەکانمان بە مەترسێجای قەرەباڵغیی سەر گۆڕستان دەپێوین! کاتێک کەڵەنووسەرێکی وەک عەزیز گەردی، هیلاک و ماندوو، لە دووریی ئاواییدا سەری بەسەر کتێبەکانیدا گرتبوو، نەمدی کەس لە دەرگەی ماڵەکەی بدات، قەت دوو کەس هەواڵیان نەپرسی. دواتر کە ئەستێرەی ژیانی کوژایەوە، بە پەنجەی دەست، پیاو لەژێر قورساییی دارەبازەکەی نووشتابوونەوە. بەڵام لە فەیسبووک هەر زوو دەریای شین و لۆمە شەپۆلی دا ”ئەی هاوار، کوو دەبی کەس لەسەر تەرمەکەی نەبێت!“. مامۆستای زانکۆ و نووسەری وام بینی، بە پەخشان و دێرە شیعر هۆنراوەیان بۆ کتێب و وەرگێڕانەکانی دەنووسی، کەچی لە بیرمە کاتی خۆی لە زانکۆ، هەمان ئەو کەسانە دەیانگوت ”کوڕە دە لێی گەڕێن، ئەو پیاوە شێت بووە!“. ئەوجا هێشتا کفنی وەرگێڕی (داغستانی من) زەرد نەبووبوو، لەسەر میراتەکەی، کە کتێبخانەیەکی دانسقە و دەیان دەستنووسی چاپنەکراو بوو، شەڕی براکان هەڵگیرسا.
هەر دوێنی بوو، لەتیف هەڵمەت شین و واوەیلای بە بەژن و باڵای ژنەکەی هەڵدەکرد، کەچی دوو کەس لە تەنیشتی نەبوون دڵنەواییی بکەن، دیسان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زەریاپۆش پڕ بوون لە ئەسرینی درۆینە. ئایا بە جدی قەرەپەستەی سەرقەبران، گەورەییی هونەرمەند و دڵسۆزی بۆ نووسەرەکە دووپات دەکاتەوە؟
دەزانم ئێستە دەپرسن: ئەی بۆچی گەندەڵێک، یان ڕیشسپیی خێڵێک، کوڕە تەنانەت مەلایەک، کاتێک دەمرێت گۆڕستان دەبێتە بازاڕی عەکاز و خەڵک وەک زەردەواڵە لێی کۆ دەبنەوە؟ ئایا ئەمە پێزانینە بۆ خزمەتەکەی؟ نەخێر؛ ئەمە تەنێ هاوکێشەیەکی کۆمەڵایەتی و پرسێکی عەشایەرییە ”ئەمڕۆ من دێمە پرسەی باوکت، تا سبەی تۆش بێیتە تازیەی من!“، بزەبت پێوەرێکی بەرژەوەندیخوازانەیە، نەک ڕێزگرتن لە مانیفێستی فیکر و ئەدەب.
سەیری لیۆنێل میسی، ناسراوترین مرۆڤی سەر گۆی زەوی بکە، کاتێک لەسەر گۆڕستان خەریکی ناشتنی تەرمی باوکی بوو، گلەییی لە کامێرامانێک دەکرد، بۆچی وێنەی گرتووە و ئارامیی ئەو ساتەی ماڵباتەکەی تێک داوە. خۆ ئەگەر میسی شەیدای هۆسەوهەرای سەرقەبران بووایە، ڕەنگ بێ بە یەک پۆستی ئینستگرام، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە ملیۆنان دەروێش بەرەو ئەرجەنتین ڕێگەیان ببڕیبا!
ئەرێ ئەم دووڕوویییە بەس نەبێت؟ سەتان هونەرمەند و دەیان نووسەر و ڕۆشنبیر بەهۆی هەژارییەوە لە پیشە بنەڕەتییەکەی خۆیان دابڕان، بێ ئەوەی کەس بڵێت کەرتان بەچەند! گۆڤارتان بیر چوو؟ تا مرد، پارە نا، کەس ڕۆژێک سوپاسێکی بە شایەن نەزانی!
ڕێزگرتن لە نووسەر و هونەرمەند ئەوەیە، تا زیندوون، ژیانێکی سەربەرزانەیان بۆ دابین بکرێت، نەک دوای مردنیان لەسەر شانی قەرەباڵغیی درۆینە بەرز بکرێنەوە. مردوو پێویستی بە سێڵفیی سەر گۆڕ و سۆزی فەیسبووک نییە؛ وەرن تا زیندوون بەرهەم و بەهایان بەرز ڕابگرن، ئەوجا کورد خۆڕایی نەیگوتووە: ”مەمشۆوە بە قوڕاوێ، چاکەی دوایێم قەت ناوێ!“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved