هەندێ ژن لە کۆمەڵی مە، زۆر جار سێکس وەک چەکێک بەکار دەهێنن لە دژی هاوسەریان. قەت لە مەجلیسان گێت لێ نەبووە یەک بە یەکی دەرێ چییە لۆ ئەوها مڕومۆچی، دەرێی مووچەبڕ (قەتع ڕاتب) کرای؟
لەسەر پرسی گەورە، ژن ئەو جووڵەیە ناکات. لەسەر شتی زۆر سادە و پڕوپووچ دەیکات. ڕەنگە پیاوەکە مەکسییەکی لۆ نەکڕیبێت، یان دەستە بەرداخێک، یان کەوایەک (عەمری ئەو پیاوەش نەمێنێت، کە درێغی دەکات و ئەو شتانە بۆ ژنەکەی ناکڕێت).
ئەو چەکەی ژنان ترسناکترە لە درۆنەکان، چونکە ئەوە هەر پیاوی مووچەبڕدراوە نازانێت ترومبێلی باژوا، دۆ و دۆشاوی تێکەڵ دەکات، لە فەرمانگە ئیشی خەڵکی دوادەخات، لە تاوان دەبیتە ڕاپۆرتنووس، پڕ دەداتە شیعر و ئابڕووی وشە و شیعریش دەبات.
هەر پیاوی مووچەبڕدراوە بەنزینی گران دەکات، مووچەی دوا دەخات، دەبیتە مەلا هەتا چار ژنان بینی، دەبیتە مامۆستای زانکۆ هەتا پڕ داتە کچی خەڵکی.
ژن هەیە چەند خولەکێک پێش ئەوەی بداتە پیاوەکەی، داوای شتی لێ دەکات. پیاوەکەیش، وا هار بووە لە تاو هەوەسی خۆی دەرێ بەسەرچاو. باشە ئەوە چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ سێکسفرۆشێک. یەکەمیان شەرعییە و دووەمیان ناشەرعی.
کابرایەک هەموو سبەینان سەری خۆی بە ملی دەشووشت ئەوجە دەچووە دەرێ، پرچی باش هیشک نەدەکردەوە. کە دەچووە ناو برادەرەکانی پلاریان لێ دەدا، دەیانگۆتێ «ئەوە چییە غەزەب ئەتو هەموو ڕۆژێ سەرت تەڕە، دیارە تێری!» کابرا بسکی سمێرانی دەلەرییەوە، خەنی دەبوو بەو پلارانە. ئەو کابرایە کێشەیەکی هەبوو، لەگەڵ کەس دانووی نەدەکوڵا لەگەڵ تڕی خۆی بە شەڕ دەهات. دوای ماوەیەک لە حاڵەتێكدا، ئاشکرا بوو کابرا هەموو شەوێ مووچەبڕ کراوە و دۆخی زۆر خراپ بووە.
وای لۆ بابای مووچەبڕدراو، ئەگەر مووچەخۆر بێت، دەبی هەتا ماوە خەمی هەردوو مووچەکەی بێت، ئەگەر جەڵتە لێی بدات لە خەفەتان، دەبیتە شەهیدی مووچەی شەوێ و ڕۆژێ.
ئاسانە پیاوی مووچەبڕدراوی شەوێ لە پیاوی مووچەبڕدراوی ڕۆژێ جیا بکەیەوە، ئەگەر بابەتی مووچە کرایەوە و گۆتی گێ مەدەنێ، دنیا هەر وا بووە، چا دەبی ئینشاڵڵا، ئەوە بزانە مووچەی شەوێی گەرمە و لێ نەبڕدراوە، بەڵام ئەگەر دەستی پێ کرد و نەیبڕییەوە، ئەوە بزانە لە هەردوو مووچان بووە. لێی مەگرە و هەقی خۆیتی.