درامای تەلەڤزیۆنیی (هەبوو نەبوو)ی سەباح عەبدولڕەحمان، یەکێک لە شاکارە پێشەنگ و زێڕینەکانی درامای هەولێرە، لە ڕوانگەی ڕەخنەیی و زانستییەوە دەقێکی قووڵی فرە ڕەهەندە کە لەسەر بنەمای پێکهاتەی فۆلکلۆری و گۆڕانی کۆمەڵایەتی داڕێژراوە.
بەكارهێنانی لێزانانەی شێوەزاری ڕەسەنی هەولێرێ لە دراماكەدا، هەر وا ڕەمەکی و ڕێککەوت نەبوو بەڵکو ئامرازێکی زمانەوانیی درامی بوو بۆ نزیکبوونەوە لە دەروونی بینەری ناوخۆیی، بەتایبەت کە دیالۆگەکان کورت و پڕ لە پەندی پێشینان و مەتەڵی فۆلکلۆری بوون، ڕیتمی ڕووداوەكانیشی خێرا و سەرنجڕاکێش كردبوو.
کارەکە ڕەهەندێکی ستاتیکی و جوانکاریی قووڵیشی تێدا بوو کە پەیڕەوی لە ئیستاتیکای سادەیی دەکرد. دیکۆر، جلوبەرگی کوردیی کۆن و کەلوپەلە بەکارهاتووەکان، بینەریان دەبردەوە فەزایەکی نۆستالیژیی پاک، لە کاتێکدا ستاتیکای پێکەنین لە دراماکەدا لە جۆری کۆمیدیای ڕەش بوو، کە لە نێوان ناتەباییی پێگەی کاراکتەرەکاندا دروست دەبوو. ئەم ناتەبایییە جوانکارییە لە ڕێگەی کاراکتەرە فۆلکلۆری و کۆمیدییەکانەوە بەرجەستە بوو، کە ناوەکانیان بۆ چەندین دەیە لەسەر زاری خەڵک مایەوە.
سادەیی و نەفامیی ڕەجەبی پاقلەخۆر کە هونەرمەند سەعدون یونس بەشێوازێکی ناوازە و سەرنجڕاکێش ڕۆڵەکەی دەگێڕا، لە بەرامبەر دونیادیدەیی و ژیریی هاوسەرەکەی ناسکە خان، کە هونەرمەند ئاواز مەحموود، ناسراو بە ئاواز سۆفی ڕۆڵەکەی دەگێڕا، دژیەکییەکی وا ناوازەی دروست دەکرد، کە بینەر لە یەک کاتدا پێ بکەنێت و ناچار بە تێڕامان و بیرکردنەوەش دەبوو.
هونەرمەندی کۆچکردوو سەلام کۆیی لە ڕۆڵی عەزە قۆڵبڕدا، کاراکتەرێکی فێڵباز و سەرکێش بوو کە بەشێکی زۆری کێشە و ڕووداوە کۆمیدییەکانی دراماکەی دروست دەکرد. هونەرمەندی کۆچکردوو زاهیر عەبدوڵڵا لە ڕۆڵی ئۆمەر چاوچنۆکدا کە بەهۆی لێهاتوویییەوە لە نواندنی ڕۆڵەکەی، تا مردیش لەناو خەڵکدا هەر بەم ناوە ناسرا. نەخشەی ئەم جیهانه درامییه، به ڕۆڵی هەریەکە لە هونەرمەندان عەلی ئەحمەد لە ڕۆڵی حیکایەتخوان وەک گێڕەرەوە و بەستەرەوەی چیڕۆکەکە و خەلیل یابە لە ڕۆڵی میر - وەک کەسایەتیی خاوەن دەسەڵات لە نێو ڕووداوە فۆلکلۆرییەکاندا و قاسم عەزیز لە ڕۆڵی قوماشفرۆش، ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و مرۆییی قووڵی هێنایە ئاراوە، بەتایبەت لە نیشاندانی پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا، ئەویش لە ڕێگەی کاراکتەری ناسکە خانەوە وەک هێمای عەقڵ، بەڕێوەبردن و هێز لە خێزاندا، کاتێک پیاوەکە سادە و کەمئەزموون بوو، ژنەکە دەبووە بڕیاردەر و پارێزەری خێزانەکە، کە ئەمەش پەیامێکی پێشکەوتووانە بوو بۆ کۆمەڵگەی پیاوسالاریی ئەو سەردەمە.
دراماکە لایەنی چینایەتی و ململانێی هێزی لە کۆمەڵگەدا بە ڕوونی شی دەکردەوە، بە جۆرێک میر هێمای دەسەڵاتی سیاسی بوو، عەزە قۆڵبڕ و ئۆمەر چاوچنۆک هێمای چینی چەوسێنەر و فێڵباز، ڕەجەبیش هێمای چینی هەژار و چەوساوە بوو، کە ململانێی نێوانیان ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ململانێی چینایەتیی کۆمەڵگەی کوردی بوو لە قۆناغە مێژوویییە جیاوازەکاندا.
دەكرێت پەیامی فەلسەفی و سەرەکیی درامای هەبوو نەبوو لە چەند تەوەرێکی سەرەکیدا کورت بكرێتەوە، لەوانە سەرکەوتنی عەقڵ بەسەر هێزدا، کاتێک دەیسەلمێنێت مرۆڤی سادە و چەوساوە، بە ڕێنوێنی عەقڵی دروست کە ناسکە خان نوێنەرایەتیی دەکات، دەتوانێت بەسەر فێڵبازیی عەزەی قۆڵبڕ و ئۆمەری چاوچنۆک و ستەمی دەسەڵاتی میردا سەربکەوێت.
هەروەها پاراستنی ناسنامەی کولتووری، بەو پێیەی دراماکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە فۆلکلۆر و حیکایەتی کۆن، تەنیا ڕابردوو نین، بەڵکو ئاوێنەیەکن بۆ بینینی کێشەکانی ئێستە و داهاتووش.
دواجار کارەکە لە ڕێگەی ڕەخنەی دۆخی باوەوە پەیامەکەی خۆی تەواو دەکات و دەکرێت ناوونیشانی هەبوو نەبوو، وەک ئاماژەیەک بۆ چەمکی جیهانیی گۆڕانکاری و نیشاندانی ئەوەی کە هیچ دۆخێکی ستەمکاری یان هەژاری هەمیشەیی نییە و ژیان بەردەوام لە دەوران و گۆڕان دایە، کلیلێک بێت بۆ کردنەوەی زۆربەی ئەو کۆدە ڕەخنەیییانە.
بەکاربردنی شێوەزاری ڕەسەنی هەولێرێ و ئاستی بەرزی نواندنی ئەکتەرەکان، ڕەخنەگرتنی کۆمەڵایەتی لە قالبێکی کۆمیدیدا گەیاندە لووتکە و هەر ئەمەش بوو وای کرد کە ئێستەش وەک یەکێک لە کارە هەرە جوان و مێژوویییەکانی ناو دنیای هونەری کوردی، سەیری درامای (هەبوو نەبوو) بکرێت.
هەبوو نەبوو لە سەرەتادا نمایشێكی شانۆیی بوو، بۆ بەشداری لە فیستیڤاڵی شانۆی عێراق، كە بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆ ئەنجامی دەدا، لە ١٨/٣/١٩٨٠ بۆ یەكەم جار لەسەر شانۆی (مسرح الثورة الجوال) لە بەغدا نمایش كرا، لە فیستیڤاڵەكەدا دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو و سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا. هەمان ساڵ لە تەلەڤزیۆنی بەغدا بەشێوازێكی نوێ وەكو نمایشی شانۆی تەلەڤزیۆنی تۆمار كرا، كە بەشێكی زۆری بەشداربووان لە میانەی ئەو بەرهەمە بوون بە ئەستێرە و ناوبانگیان پەیدا كرد.