چەندین ساڵە لە ژوورێكی گچكەی دوو بە سێدا كە دیواری بە چایخانەی مەچکۆوەیە، دەنگی مەکینەکی کۆنی ئەڵمانی تێکەڵ بەبۆنی پێستی ئاژەڵ دەبێت.
هەرچەند دوکانەکە لە شوێنێکی زۆر دیاری ناوجەرگەی هەولێرێیە، بەڵام هێند شاراوەیە، ئەگەر كڕیار بەتایبەت بۆی نەچێت كەس ناكەوێتە بەرچاوی.
لەوێ پیاوێک دانیشتووە کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە بە پەنجەکانی، چیف و ڕەختی چەک لە پێستی ئاژەڵ دەدوورێت، هەر كێ لەو هەولێرەی دەمانچەكی هەبی، لە پیاوی عەشایەرییەوە بگرە تا دەگاتە کارمەندانی ئاسایش، پۆلیس و زێرەڤانی، هەموویان دەیناسن.
جەیمس یەڵدا ئۆراها كە كلدانییەكی شەقڵاوەیە و لە زووەوە هاتوونەتە عەنكاوە، جێی پەنجەی لەسەر خەباتی پێشمەرگەی کوردستان دیارە، هەر لە خەباتی دژ بەڕژێمی بەعسی هەڵوەشاوەوە بگرە تا دەگاتە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
چیڕۆکی ئەو لەگەڵ پێست و چەکدا لە هەشتایەکانی سەتەی ڕابردووەوە دەستی پێ کرد. ئەودەم مێرمنداڵێکی ١٢ ساڵ بوو، لە ژووری مێوانانی ماڵەکەیان لە عەنکاوە، لەگەڵ پلکی و خاڵەکانی بە خێزانی دەستیان بەو کارە کردبوو.
جەیمس بەیادەوەرییەکانی ئەو ڕۆژانەدا دەچێتەوە و دەڵێت “لە سەرەتاوە مێردی پلکم فێری ئیشەكەی کردم”. پاشان لە ١٩٩٧دا، بەخۆی دوکانی دانا، لەو کاتەوە بە تاقی تەنێ و بەبێ شاگرد هەتا ئێستە لەسەر ئەو پیشەیەی بەردەوامە.
یەکێک لە پارادۆکسە سەیرەکانی ژیانی جەیمس ئەوەیە کە خۆی چەکی نییە و حەزیش ناكات چەك هەڵبگرێت، بەڵام ناو، قەبارە، درێژی و پانیی هەموو چەکەکانی جیهانی لەبەرە. پاساویش هەڵگرتنی چەك دەهێنێتەوە و دەڵێت «خەرکی خۆمان هەمیشە بەناچاری پێویستیان بەوە بووە چەک هەڵگرن، ئەمە دوژمنمان زۆرە”.
هەر پەیوەند بە دوژمنەوە، جەیمس لاپەڕەكانی مێژووی خێزانەكەیان هەڵدەداتەوە، باسی ئەو ڕۆژە دەكات كە بۆ یەكەم جار بیریان لێ كردەوە سەڕاجی بكەن بە پیشەی خۆیان، ئەو ڕۆژە جاشێکی زەمانی بەعس سەردانی دوکانی مێردی پلکەکەی کردووە کە پینەدۆز بوو، تا ڕەختە دڕاوەکەی بۆ بدوورێتەوە.
لەو ڕۆژەوە دوکانەکەیان بووە شانۆیەکی شاراوە، بە ڕۆژ جاشەکان سەردانیان دەکردن بۆ چاککردنەوەی کەلوپەلەکانیان، لە تاریکاییی شەویشدا بە نهێنی پێشمەرگە دەچوون و بە دەرزەن ڕەختە و کیفی دەمانچەیان لەوێندەرێوە دەبردە شاخ.
جەیمس ئێستە بەسەربەرزییەوە باس لەوە دەکات چۆن لە پشت مەکینەی دوورمانەکەیەوە بەشداریی لە شەڕی داعشدا کردووە، ڕەختە و چیفی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دووریوە، دواجار سوپاسنامەیەکی لەلایەن هێزەكانی ئەڵمانیاوە لە ڕیزی هاوپەیمانان پێ بەخشراوە و ئێستە لە پێشەوەی دوکانەکەی هەڵیواسیوە.
کارەکەی جەیمس هونەرێکی ئاڵۆزە. بەهۆی هەڵنەکەوتنی جوگرافیای کوردستان لەسەر دەریا و ڕووبارەکان، پیشەی سەڕاجی لە هەولێرێ زۆر باو نەبووە و تا ئێستەش سەڕاجەکان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، چونکە ئامادەکردنی پێست پێویستی بەئاوێکی زۆر هەیە.
ئەو پێستانەی جەیمس بەکاریان دەهێنێت هی گامێش، چێڵ، مەڕ و بزنن، تەنانەت پێستی مار و تیمساحیش بەکار دەهێنێت کە لە سووریا و میسرەوە دەهێنرێن، یان ئەو پێستانەی عێراق کە لای ڕووباری دیجلە و فورات بەرهەم دێن. بۆ چارەسەرکردنیشیان، تەنیا ڕووەکی (مازی) شاخەکانی کوردستان بەکار دەهێنێت بۆ نەهێشتنی بۆنی پێستەکە و چەسپکردنی بۆیەکەی.
جەیمس لەناو دوکانەکەیدا، مەقەسێکی ئەنتیکەی ساڵانی پەنجاکان پیشان دەدات و دەڵێت «لە کۆیێ لە کەسەکم کڕییەوە، حەزم لێیە بەس بەو مەقەسە و مەکینە كەونەكەم ئیش بکەم”، هەر بەم هۆیەوەیە كە دوکانەکەشی بە سادەییی جاران هێشتووەتەوە.
بەو هەموو ئەزموونەی هەیەتی، ئێستە دەتوانێت بە یەک کاتژمێر چیفێکی دەمانچە تەواو بکات، یان لە ڕۆژێکدا دوو تاخمی تەواو بە قایش و شەیالەوە بدوورێت. هەر لە گەرمەی گفتوگۆکەدا، دوو پۆلیسی ناو بازاڕ خۆیان دەکەن بەژووردا بۆ دوورینەوەی تاخمی چەکەکانیان.
کڕیارەکانی جەیمس تەنیا سەرباز و پۆلیس نین، ئەو کۆمەڵێک قایشی پیاوانیشی لە دوکانەکەیدا هەڵواسیوە کە بۆ کونسوڵی وڵاتانی ئەوروپی دروستی کردوون، زۆر سەرسامی کارەکانی بوون. حاجییەکانیش داوای لێ دەکەن قایشی تایبەتیان بە گیرفانەوە بۆ بدوورێت تاوەکو پاسپۆرت و کلیلی تێدا هەڵگرن لە کاتی تەوافکردندا. بە کورتی، وەک خۆی دەڵێت “هەر چ پەیوەندیی بە جڵدەوە هەیە، ئیشی خۆمە”.
کاتێک باس لە داهاتووی پیشەکەشی دەکرێت، سۆز و تاسەیەکی قووڵ بەدەنگی جەیمسەوە دیارە و دەڵێت «نامەوێ ئیشی دیکە بکەم، ئەوە لەگەر خینم تێکەڵ بووە”، لە هەمان کاتدا نیگەرانە، چونکە لە خێزانەکەیاندا تەنیا خۆی ماوەتەوە و هیچ یەک لە منداڵەکانی فێری ئەو پیشەیە نەبوون. باوەڕیشی وایە کڕیارەکانی تایبەتن و دەشڵێت «هەموو کەس نازانی تەعامول لەگەر عەشایەر و کەسی پایەدار بکات”. لە بارەی نەوەی نوێشەوە کە ئیشی دیکەیان پێ پەسندترە، دەڵێت «کوڕەکانم هەموو خەریجی كولیەن و زەحمەتە ئەو ئیشەیان پێ بکرێ”.
ئینجا قسە دێتە سەر بازاڕی ئەمڕۆ، کە پڕ بووە لە کاڵای چینی و بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ لە جانتا و قایشەوە بگرە تا دەگاتە شمەکی سەربازیی دوو سێ هەزاری، هەمووی کاری کردووەتە سەر خواست لەسەر بەرهەمی دەستکرد و وای کردووە پیشەوەرانی ئەم بوارە بەرەو کەمبوونەوە بچن. بەڵام ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە، وەك ئەو دەڵێت، کوالێتیی شمەکی پێستی دەستکرد هەرگیز بەراورد ناکرێت بە کاڵا هەرزانەکان، بەتایبەتی لە کاتی شەڕدا کە پچڕانی تاخمی ڕەختە و چیفی چەکی سەربازێک دەبێتە کارەساتێکی گەورە. هەر بۆیەش مانەوەی پیشەکەی جەیمس بە زیندوویی، تەنیا مانەوەی پیشەیەک نییە، بەڵکو بەشێکی گرینگە لە ئێستە و داهاتووی ئەمن و ئەمانی کوردستان.