ئەو كیژانەی لە ئەپارتمانەکان بەردەبنەوە
ئەو كیژانەی لە ئەپارتمانەکان بەردەبنەوە
October 15, 2026

وەك ئەنجامێكی پێشڤەچوونی شارسازی، قیتبوونەوەی چەندین ئەپارتمانی دەیان نهۆمی و دروستبوونی شارە ستوونییەكانی هەولێر، هەر كرانەوەی كۆمەڵگە و گۆڕانی كۆمەڵایەتیی بەدوادا نەهاتووە، بەڵكو نیمچە دیاردەی چاوەڕێنەكراوی، كەوتنە خوارەوەی كیژانیشی لە بەرزاییی چەندین نهۆمەوە لێ پەیدا بووە.
جاران، ئەپارتمان نەبوون یان هەبوون و هێندە بەرز نەبوون، بۆیە وەک ئێستە كیژان لە بەرزایی نەدەكەوتنە خوار بەڵام هەموو سەردەمێك پاساوی خۆی هەیە بۆ لەنێوچوونی مێ، جاران زوو زوو كیژێك لە قوتابخانە دیار نەدەما دوای دوو سێ ڕۆژ دەیانگۆت بە پرێمزی سووتایە.

گۆڕستانە ستوونییەكان
لە گەرمەی مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، ڕووداوێكی نوێی بەربوونەوەی كیژێك لە ئاسمانی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونی ستوونیدا تۆمار كرا.
ژنێكی دووگیان بوو لە نهۆمی پێنجەم كەوتە خوارەوە، دراوسێکانی گومانیان زۆرە، یەكێكیان بە (گڵكەند)ی گوت ”دایمە لەگەر مێردی شەڕیان بوو، پیاوەكی درپیس بوو، نەیدەهێشت ژنەكەی مۆبایلیش هەرگری“.
بەپێی گێڕانەوە فەرمییەكە، ئەو ژنە دووگیانەش هاوشێوەی زۆربەی دۆسیەكانی دیكەی كەوتنە خوارەوەی كیژان، خۆی خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و هەوڵی خۆكوشتنی داوە نەك كەسێك فڕێی دابێتە خوارەوە، بەڵام یەکێک لە شایەتحاڵەکانی دانیشتووی پڕۆژەکە ئاماژە بە دیمەنی سامناکی ساتی كەوتنە خوارەوەی ژنە دووگیانەكە دەكات، کە مێردەکەی لە تەنیشتی بووە و پڕ بەدەنگی هاواری كردووە ”بمگەنێ“.
پۆلیس ڕای گەیاندووە كە ژنەكە ٢٩ ساڵ بووە و دەمودەست گیانی لەدەست داوە، مێردەكەشی دەستگیر کراوە.
هەفتەیەك بەر لە كەوتنە خوارەوەی ژنە دووگیانەكە، كیژێكی عێراقی لە پڕۆژەیەكی دیكەی ستوونی لە هەولێر کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. بەر لە چوار مانگ، كیژێكی دیکە لە پڕۆژەیەکی ستوونیی گرانبەهای هەولێردا كەوتە خوارەوە، بەڵام تیشكی نەخرایە سەر و زانیاریی لە بارەوە بڵاو نەكرایەوە.

ئامار و بێدەنگی
پێکهاتەی کۆمەڵگەکانی ئەو ناوچەیە، بەهۆی باوسالارییەوە زەمینەی لەباریان بۆ ئاساییکردنەوەی توندوتیژی بەرانبەر مێ چێ كردووە، جا لە ستەمی دەروونییەوە بگرە تا ئازاردانی جەستەیی، تەنانەت کوشتنیش بەبیانووی پاراستنی شەڕەف و لێگرتنەوەی ئازادییەوە.
لە یاسای سزای عێراقی ژمارە ١١١ی ١٩٦٩، لە ماددەی ٤٠٨دا هاتووە کە هاندان یان یارمەتیدان بۆ خۆکوشتن، سزاکەی دەگاتە حەفت ساڵ زیندانی.
کیفاح حەسەن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، بە (گڵکەند)ی ڕاگەیاند کە ئێستە زیاتر لە ٧٠ نەتەوەی جیاواز لە هەولێر دەژین و بەردەوام خەڵکی بیانی و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕوو لێرە دەکەن، ئەو تێکەڵبوونە لەناکاوە كۆمەڵایەتییە، جۆرێک لە سەرلێشێوانی دروست کردووە بۆیە بەبۆچوونی ئەو، زیادبوونی تاوان پێشبینی کراوە بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە ژنکوشتن دیاردەیەکی نوێ نییە و ڕووداوی ژنکوشتن خەڵک ڕاناچڵەکێنێت.
ئەنجامی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی هاریکاریی یاساییی ژنان کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بڵاو بووەتەوە، دەڵێت ٤١٪ی ئەو توندوتیژییانەی لە دۆسیەكانی دادگەکانی توندوتیژیی خێزانی تۆمار کراون، توندوتیژیی دەروونی بوون، تەنها ١٩٪یان توندوتیژیی جەستەیی بوون. هەروەها ٥٢٪ی توندوتیژییە خێزانییەکان لەلایەن مێردەکانەوە کراوە، باوک ١٩٪، برا ١٢٪ی ڕۆڵەكانیان بەركەوتووە.

کیژێ منیان هەردا خوارێ
دایکی كیژێكی ١٩ ساڵی، ئەوها شین و ڕۆڕۆی بۆ کیژە لەدەستچووەكەی دەكرد، كە ڕووداوەكەی كارەساتێك بوو زیاتر لە فیلم دەچوو تا ڕاستی.
كیژە ١٩ ساڵییەكە، لەگەڵ دوو تیكتۆکكەر دەبێت، لە نهۆمی شەشەمی ئەپارتمانێكی هەولێر دەكەوێتە خوارەوە، گیان لەدەست نادات و لە نەخۆشخانە چارەسەری وەردەگرێت بەڵام دوای ١١ مانگ لە شەوێكی نیسانی ٢٠٢٤دا، لەلایەن باوک و برایەوە دەکوژرێت. دایكی كیژە كوژراوەكە دەیگێڕێتەوە كە مێردەكەی بەردەوام لە منداڵییەوە ئازاری جەستەییی كیژە كوژراوەكەی و خوشكەكانی داوە، دەڵێ ”سۆندەی ڕادەوەشاندنێ، پرچ و برۆی دەتاشین“.
چەند هەفتەیەك دوای ئەو دۆسیەیە، كیژێكی دیكە لە ئەپارتمانێكی بەرزی هەولێرەوە كەوتە خوارێ. دایک و باوکی لە ڕێگەی ڤیدیۆیەكەوە بڵاویان كردەوە كە كیژەكەیان هەڵدراوەتە خوارەوە.

کۆتاییی تونێل
لە حوزەیرانی ئەمساڵ، شۆخان حەمەئەمین بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاریکاریی یاساییی ژنان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئاشکرای کرد، ساڵی ٢٠٢٥، ١٥ هەزار و ٨٢٦ توندوتیژیی خێزانی تۆمار کراون. ئاماژەی بەوە كرد ڕێگەپێدراو نییە ئاماری ژنکوشتن بڵاو بکرێتەوە.
تەمەنی ژیان لە ئەپارتمانەكانی هەولێر بەو بڵاویەی ئێستە هەیە، بۆ كەمتر لە ٢٠ ساڵ دەگەڕێتەوە بەڵام لەو ماوە کورتەدا سەتان تاوەر بەرز کراونەتەوە، دەیان هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرن. تەپوتۆزی دانانی بلۆك لەسەر بلۆك هەر ئاسمانی شارە ستوونییەكانی نەگرتووەتەوە، بەڵكو ئەو داغكردنە بێدەنگە نوێیەی كۆمەڵگەشی بەشێوازێك داپۆشیوە، كە ئەگەر بە گەشبینیش لێی بڕوانی، تایە، لەو قۆناغی ڕاگوزەری گۆڕانە خێرایەدا تووشی كۆمەڵگە بووە، ڕەنگە تا ماوەیەك بمێنێت و دواتر ئەویش وەك دیاردەكانی دیكە، وەك پاساوەكانی دیكە، تێپەڕێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved