مەنتکەکان پەرێزێكیان كرد بە گەڕەک
مەنتکەکان پەرێزێكیان كرد بە گەڕەک

هەولێر پڕە لە گەڕەکی دێرین کە مێژوویان تێکەڵی چیڕۆکەکانی خۆڕاگری، دەربەدەری، ئازار، هیوا و ماندووبوونی خەڵک بووە، مەنتکاوە لە ڕیزی پێشەوەی ئەو گەڕەكانەیە.
وەستا زاهیر ساڵح، تەمەنی هەشتا ساڵە، لە ١٩٧٢وە مۆڵەتی پیشەی وەستای دروستكردنی خانووی لە شارەوانیی هەولێر وەرگرتووە، یادەوەرییەكانی لەگەڵ دروستبوونی مەنتكاوەدا بۆ (گڵكەند) دەگێڕێتەوە و لە باسی سەرەتای هاتنی خۆیان و ڕاگواستنی گوندەکانی دەوروبەری هەولێرێوە دەڵێت ”ساری شێستوپێنج بوو، بە ناچاری لە گوندی ڕوکەی لای دێدەوانێڕا هاتینە هەولێرێ. چونکە حکومەتی عێراق لە ڕێی حەرەس قەومی گوندەکانی مەی سووتاند، مەنتکەکان هەموو ڕوومان لێرە کرد“.
شوێنی گەڕەكی مەنتكاوەی ئێستە لە ساڵی ١٩٦٥ پەرێز بووە و ئاوەدانییەكی وەهای لێ نەبووە، وەستا زاهیر دەڵێ ”ئەو مەنتیقەیە قل قلە خانیی لێ بوو، دەنا هەمووی پەرێز بوو، حەردەکانیش ئی ڕەشاد موفتی و حاکم سابیری بوون، بە پارە دەیانفرۆشتەوە خەركی. ئەحمەد ئۆمەر هەبوو مەنتک بوو، چاوساغی مە بوو لە هەولێرێ، هەر کێ بهاتبایە کنی، حەردەکی لۆ لەو جێیەی دەکڕی کە هەوكە بوویتە مەنتکاوە. بیدایەت هیچ ناوەکی نەبوو، وردە وردە مەنتک ڕوویان تێ کرد و بووە مەنتکاوە“.
ئەودەم نرخی زەوی زۆر هەرزان بووە، خانووش لە قوڕ دروست دەكرا، هێشتا خزمەتگوزارییەكان نەگەیشتبووە ئەو گەڕەكە نوێیە و نەبوونی ئاو كێشەی سەرەكییان بووە، وەستا مەنتكەكە درێژە بە گێڕانەوە دەدات و دەڵێت ”دووسەت مەتر حەردمان کڕی، مەتری بە دوو درهەمی بوو کە دەیکردە بیست دینارەک. خانییەکان هاكەزایی بوون، غوڕفەک یان دوو غوڕفە. ئاوی لێ نەبوو، لۆیێ ئاومان لە نوورەدین و عەزەدین باداوەیی دەکڕی، ئەو سەردەمی ئاویان بە وراخی دەگێڕا. خانی دروستکردن مانگەکی دەویست هەتا خۆرت هەردەقەناند، ئاوت لۆ دەهات، خشتت دەبڕی و هیشک دەبووەوە، وەستایەکت بەچنگ دەکەت“.
ڕۆژانەی وەستای دروستكردنی خانوو ڕوبعە دینارێك بوو، كرێكاریش بە چوار درهەم بوو، بە دوو ڕۆژان دارەڕێ دەکرا و خانوو تەواو دەبوو، پاشان سەری سواق دەدرا، خزم و دراوسێش هەرەوەزییان لەگەڵ دەکرد. وەستا زاهیر باسی خانووی كەرپووچیش دەكات كە لەو سەردەمە هەندێك كەس بەكاریان دەهێنا و دەڵێ ”لە ڕیزی مارێ مە، ماری حەسەن مەڕەش هەبوو، خانیی بە کەرپووچی دروست کرد، خەرک دەیانگۆ بابە حەسەن قەسری دروست کردییە!“.
هەروەها پەردە لەسەر بەسەرهاتێکی تەنزئامێز و سەرنجڕاکێشی ئەو سەردەم لادەدات کە بووەته هۆی دانانی پاسەوانی شەوانە لە گەڕەکەکە و دەڵێت ”ساری ١٩٦٦ لۆ ١٩٦٧ مەلایەکمان هەبوو ماری لە مەنتکاوەی بوو، لە گوندێ مەلایەتیی دەکرد. ئەو ڕۆژەی سەرفترە و زەکاتی وەرگرتبوو، شەوێ ڕەوە دز چوونە سەری، پارە و مارەیان لە مەلای ستاند. پاشان بەسەر ١٢ ماری دیكەشیان دادابوو. یەک هەبوو گۆتی پارەم نییە، گۆتبوویان کەیفی خۆتە، بەو شەوەی قەردیان پێ کردبوو، ئەوجە ڕۆیشتبوون! پاش ئەو مەوزووعەی مەنتكاوە حەرەسیاتی دانا، هەر شەوی دوو کەس هەتا سبەینێ دەبوونە حەرەس“.
نەخشەی جوگرافیی ئەو دەمی هەولێرێ تەواو جیاواز و چۆڵ بووە، وەستا زاهیر لەناو بیرەوەرییەکانیدا باس لەوە دەكات ”لە ئەتڕافی مە هیچ گەڕەکەک نەبوو، ئەوەی هەبوو بەس مزگەفتی زێڕینگری بوو لە ئیسکان دروست دەکرا، لێرەڕا دیار بوو، باداوانیش گوند بوو لەمە دوور بوو، ئەگەرنا ئاوەدانیی لێ نەبوو، قەرات لەو گۆڕەی دیار بوو، شار بەس لە دەوری قەراتێ بوو. سەیارە دەگمەن بوو، مەیدانی عەمەلان لە بن قەراتێ بوو، ئەمە بە پێیان دەچووین و دەهاتینەوە، لە ڕێیێ تووشی ترومبێلەکی نەدەبووین. قل قلە سەیارەی دەشتێ هەبوو، پاشان ئامانە پەیدا بوو لە کن مەلعەبی لۆ بازاڕی دەڕۆیشت“.
وەستا زاهیر لە بارەی سنووری گەڕەکی مەنتکاوە و قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی دەستکاریکردنی خانووەکان باس دەکات ”تخوبی مەنتکاوەی لە بەینی چار جادانە، لە باکورڕا جادەی چل مەترییە، لە باشووری جادەی سەتییە، لە ڕۆژهەراتی جادەی مەلا عوزێریە و لە ڕۆژئاواش جادەی کەرکووکێیە“. لە باسی دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکانی مەنتكاوەشەوە دەڵێت ”بیدایەت مزگەفتەك لێرە بە قوڕێ دروست کرا بەناوی مەلا تەڵعەی، پاشان یەکەم مەکتەب لە ساڵی ١٩٧٠ پاش ڕێکەوتنی ١١ی ئادار دروست کرا، هەر بە ناوی ١١ی ئاداری كرا. دوایێ لە ١٩٧٩ مزگەفتی ئەحمەد حەسەن بەکر دروست کرا، که ئێستە پێی دەرێن ڕەشاد موفتی. هەر لەو سارەی ئاویشمان لۆ ڕاکێشرا لە سەری کۆرانێ دانرا، لە هەشتاکانیش کۆرانەکان سەب کران، مقاولەکەی ناوی وەستا یاسین بوو. لە گەڕەکێ هیچ بازاڕ و شت نەبوو، ئەگەر شتەکی زۆر زەڕوورت بویستبا، دەچوویە بازاڕی گەورە“.
شێوەی خانووەکانی مەنتكاوە لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا، چەند قۆناغێكی جیاوازی بڕیوە، وەستا زاهیر دەڵێت ”گەڕەكی مە دووسێ جار تێکدرایە. لە بیدایەتی کە بە قوڕێ کردمان، لە هەشتاکان عەقاری درا خەرک خانیی خۆی تێک دا و خانیی مەکشوف بووە مۆدیل بە کەرپووچی دروستمان کردەوە، لە پاش ئینتیفازەش خەرک شۆفڵی لێ دا و بە بلۆکی دروستمان کردەوە، قل قلە بوونە خانیی موقەپەت، دوایێش ئەو دەستوورە نوێیانە پەیدا بوون و کردمانە ئەو خانیانەی ئێستە هەنە“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved