بانقۆفی پیرەباو و گۆشتی حەرامی بزنە كێوی
بانقۆفی پیرەباو و گۆشتی حەرامی بزنە كێوی

سەرباری ئەوەی زۆر جاران بەهۆی زستانی سارد و سەخت برسیەتی تەنگی پێ هەڵچنیون، بنەماڵەیەكی گوندی گرتکی دۆڵی ڕوستێ، بەدرێژاییی پێنج سەتەی ڕابردوو پابەندی سوێندی باپیرەیان بوون بە لەخۆ حەرامكردنی گۆشتی بزنە كێوی.
بەم هۆیەوە، سەتان ساڵە بزنە کێوی لە ترۆپکی شاخەکانی ئەو سنوورەوە بێ ترس دێنە خوارێ و لە گوندنشینان نزیک دەبنەوە دەڵێی دەزانن لەم دۆڵەدا پەیمانێکی نیو هەزار ساڵی هەیە، کە خوێنی ئەوانی پاراستووە.
بنەماڵەی ناسراوی پیرەباو، نەوە لە دوای نەوە، خەسڵەتێكی دەگمەنیان هەڵگرتووە بە قەدەغەكردنی کوشتن و خواردنی گۆشتی بزنی کێوی، شەفیقی حاجی خدر نووسەرێكی دەڤەرەكەیە و نەوەیەكی بنەماڵەكەشە، لاپەڕەکانی ئەو مێژووە هەڵدەداتەوە و بۆ (گڵکەند)دەگێڕێتەوە ”ئەمن چەند لێکۆڵینەوەیەکم لەسەر بنەماڵەکەی خۆمان کردییە. باپیرە گەورەمان فەقێ محەمەد کە بە (پیرەباو) و لەلای گوندەکانی هەولێرێش بە (پیرەباب) ناسرایە، پیاوەکی دینداری گرتک و شیلانی دۆڵی ڕوستێ بووە. لە هاوەڵەکانی شێخی باڵەکان بووە و مێژووەکەی لۆ پێنج سەت سارەک، بگرە زیاتریش دەچیتەوە، بە پشتاوپشتیش کە حیسابی لۆ دەکەین یازدە پشت دەڕوات“.
چیڕۆکی حەرامکردنی گۆشتی بزنە کێوی لە زستانێکی سامناکەوە دەست پێ دەکات کە بەفرێکی قورس ناوچەکە دادەپۆشێت. شەفیق باسی ئەو ڕووداوە دەکات کە باوباپیرانی بۆیان گێڕاوەتەوە ”زستانەکی زۆر سارد دەبی و بەفرەکی قورس دەباری. ئەو وەختی پیرەباو لە هاوینەهەواری گوندی ناوڕۆین دەبی کە فرسەخەک لە گرتکێ دوورە. چەند ڕۆژەکی پێ دەچی و کەس هەواڵی نازانی. کەسوکاری دەترسن لە سەرمایێ ڕەق بووبیتەوە یان دەعبا خواردبیتی. لۆیێ چەند کەسەکی ئازا لە کوڕ و نەوەکانی، کوتەکی بەفرێ دەشکێنن و بەدویدا دەچن“.
کاتێک تیمە ڕزگارکەرەکە بەناو سەختیی بەفرەکەدا دەگەنە شوێنەکە دەبینن پیرەباو ساغ و سەلامەتە، بەڵام ئەوانەی ڕێی دووریان بڕی بوو لە برساندا هێزیان لێ بڕا بوو، پیرەباویش هیچی شک نەبردووە بیانداتێ بۆ ئەوەی بیخۆن. شەفیق لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا دەڵێت ”لە ناکاوەک، بزنە کێوییەک لە بەندەنەکە دێتە خوارێ و خۆی دەگەیەنیتە بن کۆڵیتەکەی پیرەباوی. ئەویش وای لێک دەداتەوە کە ئەو ئاژەڵە هاتییە ببیتە قوربانی لۆ وەی دەرخواردی مندارەکانی بدات، بەس ئەو هێندە میهرەبان بووە دڵی نایێت و ژیانی ئاژەڵە کێوییەکە دەپارێزی. وەکی وەها دەبینی دەرێ، وەسیەت بی لە ئەنگۆ و نەوەکانم، نابێ هیچ کەستان توخنی ئەو ئاژەڵە بەستەزمانە بکەوی، نە بیکوژن و نە گۆشتەکەشی بخۆن. هەر کەسەکیش بەگوێم نەکا، خێر لە خۆی نەبینی“.
ئەو وەسیەتەی فەقێ محەمەد تەنیا ڕاسپاردەیەکی کاتی نەبوو، بەڵکو بوو بەیاسایەکی نەنووسراوی ژینگەپارێزی کە بۆ زیاتر لە نیو هەزارە، تەواوی نەوەکانی پەیڕەوی لێ دەکەن. ئەم بەزەیییە وای کردووە لەو ناوچەیەدا، بزنی کێوی بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر ببێت و ئەو ترسە غەریزەیییەی لە مرۆڤ هەیانبوو بڕەوێتەوە و بە ئازادی لە گوندەکان نزیک ببنەوە.
ئەمڕۆ نەوەکانی پیرەباو لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بڵاو بوونەتەوە، زێد و مەزارەکەی پیرەباویش لە گۆڕستانی نێوان هەردوو گوندی گرتک و ڕوست، بە ناوی خۆیەوە ماوەتەوە. بەڵام میراتەکەی تەنیا لە پاراستنی ئاژەڵدا کورت نەبووەتەوە بەڵکو سیستمێکی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیشی لە دوای خۆی جێ هێشتووە.
شەفیق دەڵێت ”موڵک و ماڵەکەی پیرەباو هەتا ئەلعانیش بە وەقف مایتەوە، کە لای ئێمە پێی دەرێن (بانقۆف). ئیدی هەموو پیرەباوەیییەکان، ئەو کوڕانەی دەگەنە تەمەنی باڵقبوون، پشکیان لەو موڵکە هەیە و کەسیش لۆی نییە بیفرۆشی“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved