قەلەندەری کتێب
قەلەندەری کتێب
October 22, 2026

هەولێر کە پڕە لە چیڕۆکی سەرنجڕاكێشی ئەدەبیانە، جگە لە كتێبخانە گشتییەكان؛ ژمارەیەك كتێبخانەی گەورە و ناوداریشی لێیە، كە هی كەسایەتییە تایبەتەكانی شارەكەن، یەکێکیان هی نووسەر و ڕۆژنامەنووس مومتاز حەیدەرییە، کە لەناو ماڵەكەیدا جێی كردووەتەوە و بووەتە ناوەندێكی مەعریفی و ئەرشیفسازیی بێوێنە.
ئەو كەسایەتییە، ٦٨ ساڵە بێ دابڕان کتێب و ئەرشیف کۆ دەکاتەوە، ئێستە كتێبخانەكەی زیاتر لە ٢٥ هەزار کتێب و گۆڤار، ڕۆژنامەی کوردی و عەرەبیی لەخۆ گرتووە. بە یەکەمین کوانووی کتێب لە هەولێر دادەندرێت.
مومتاز حەیدەری باسی قۆناغەكانی ژیانی بۆ (گڵكەند) دەگێڕێتەوە و دەڵێت ”سەرەتای منداڵیم، کە لە خانەوادەیەکی زانستی و ئاینیی ئیسلامی بەناوبانگ بووم، سەرەڕای ئەوەی برایەکانم لە سەرەتای چلەکانەوە لەگەڵ کتێب و ڕۆژنامەدا دەژیان، من نەمدەزانی کتێب چییە! تەنیا ئەو کتێبانەم دەناسی کە لە قوتابخانە دەمانخوێندن“.
چیڕۆکی ئاشنابوونی ئەو بە دونیای دەرەوەی پەڕتووکەکانی قوتابخانە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٩، کاتێک برایەکانی حوکم دران و خێزانەکەیان ناچار بوون بچنە گوندی بێریات و لە خوێندن داببڕێن، ساڵح حەیدەریی برای کە لە ساڵی ١٩٥٠ ئازاد کرا، بیری لەوە کردەوە کتێبخانەیەکی بچووک لە ماڵەوە دروست بکەن. مومتاز بە ئاگایییەوە ئەو یادەوەرییە دەگێڕێتەوە ”هاتە شاری هەولێرێ، لە کتێبخانەی شێخ محەمەد کە بە شێخەشەلە ناسرا بوو، چەند ژمارەکی لە گۆڤاری گەلاوێژ هێنا لەگەڵ چەند نامیلکەک بە زمانی عەرەبی. لەوساوە کاک ساڵح بڕیاری دا فێری خوێندن و نووسینی کوردیمان بکات. وردە وردە دەستم بەخوێندنەوە کرد لە گۆڤاری گەلاوێژ، هەستم کرد خۆشییەکی تایبەتم پێ دەبەخشی“.
ئەم قۆناغەی ژیانی لە دەشتێ، کە دوور بوو لە شار و شارستانیەت، خوێندنەوە بوو بەپڕکەرەوەی بۆشایییەكانی ژیانی منداڵی، بە بزەیەكەوە دەڵێت ”وەختەك دەمویست شیعر دابنێم، دووسێ بەیتە شیعرم دانا، زۆر سادە بوون، بەڵام جووتیارەکان گاڵتەیان پێ دەکردم، لۆیێ وازم لە شیعر هێنا!“.
لە ١٩٥٥، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی عەبدولناسر و گەشەکردنی بزووتنەوە نیشتمانییەکان لە عێراق، مومتاز حەیدەری دەست بە کڕینی گۆڤارەکان دەكات و پارەی گیرفانی بۆ ئەو بوارە تەرخان دەبێت و دەگێڕێتەوە ”شەهید ئەحمەد مەحموود حەلاق کە ئەو کات بەرپرسی هەولێری حزبی شیوعیی عێراق بوو، ژمارەیەکی گۆڤاری هیوای بۆ هێنام و گوتی بیخوێنەوە، لە پشتیان نووسرا بوو ئابوونەی ساڵانەی ٧٥٠ فلسە“. مومتاز دەڵێت پارەی کۆ کردەوە و ناردی بۆ بەغدا، تا بۆ ماوەی دوو ساڵ گۆڤارەکەی بە پۆستە بۆ بێت و هەموو جارێ پۆستەچی گۆڤارەكانی بۆی دەبردە قوتابخانەی موزەفەرییە.
بە خۆشحاڵیشەوە باسی كڕینی یەکەم کتێبی دەكات ”فڕی فڕی، قەل فڕیی مەلای گەورە، یەكەم كتێب بوو بە ٢٥ فلسم کڕی، بەخۆم ڕۆژانەی مەكتەبێم ١٠ فلس بوو، کۆم دەکردەوە و كتێبم پێ دەکڕی، ئیدی لەو وەختیەوە هەتا ئێستە خووم بە خوێندنەوە گرتووە و سەرم لەسەر كتێب هەڵنەگرتووە“.
لە گێڕانەوەکانیدا، مومتاز حەیدەری باس لەو دەلاقەیەی خانووە کۆنەکەیان دەکات کە لە ساڵی ١٩٥٦دا کردی بە یەکەم کتێبخانەی تایبەتی خۆی. باسیش لە ڕزگارکردنی کۆمەڵێک کتێبی بە نرخ دەکات لە فەردەیەکدا کە دوای تێکچوونی کتێبخانەکەی (شێخەشەل)، لای دوکاندارێک بەجێ هێڵدرا بوو، ئەو بە حەمباڵێک هێنابوویە ماڵەوە، کە یەکێک لە کتێبەکان ساڵی ١٨٦٩ لە مووسڵ چاپ كرا بوو.
بۆ ئەو كەسایەتییە، کتێب کڕین هەندێک جار بارگرانییەكی گەورەی داراییی هەبووە. باس لە گرانترین ئەو کتێبانە دەکات کە کڕیونی ”فەرهەنگێکی گەورەی سیاسی و مێژووییم بە ١٢٠٠ دیناری سویسری کڕی. (مەحکەمەی گەل) ٢٢ بەرگ بوو بە ئۆتۆمۆبێلی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە دەستم و بە ١٥٠٠ دیناری سویسریم كڕی. دائیرەتولمەعاریفی ئیسلامیش لە هەشتاکاندا بە قاچاخ لە ئێرانەوە بە ٣٠٠٠ دیناری سویسری گەیشتە دەستم“.
پاراستنی ئەو ئەرشیفە لە وڵاتێکی پڕ ئاژاوەدا، ئاسان نییە. لە کۆتاییی ١٩٦١، بەهۆی تێکچوونی دۆخی سیاسی، جەمشیدی برای مومتاز، كە ئەو كات فەرمانبەر بوو لە فەرمانگەی دارستانی هەولێر، بەرمیلێک دێنێت و کتێبەکانی دەخاتە ناو و لەحیمی دەكات، لەناو فەرمانگەكەی دەیشارێتەوە، بەڵام دوای ١١ی ئادار کە گەڕانەوە، بینی بەرمیلەکە لەبەر شێ ڕزیوە و کتێبەکانی ناوی فەوتاون. لە ساڵی ١٩٦١یشدا، کاتێک بەدرەدین عەلی موتەسەڕیفی هەولێر دەریان کردن، کتێبەکانی بە نهێنی گواستەوە بەغدا، ساڵی ١٩٦٩ش لە ترسی پشکنینی بەعسییەکان، بەختیاری برازای هەموو کتێبەکانی سانسۆر دەكات، ڕەسمەکانی عەبدولکەریم قاسم و بارزانی لەناو کتێبەکان دەدڕێنێت، لە كۆتاییشدا کتێبەکان نابردرێن و دەمێننەوە.
هەر لە ١٩٦٩دا، کاتێک مومتاز حەیدەری دەستگیر کرا و برایە قەسری نیهایە، بەعسییەکان ویستیان کتێبەکانی ببەن، بەڵام ئەو بە بوێرییەوە بە ئەفسەرەکەی گوتبوو ”هاتوون من بگرن یان کتێبەکانم؟“ بەم جۆرە دوای ١١ی ئاداری ١٩٧٠ توانیبووی نزیکەی ٢٥٠ کتێب بهێنێتەوە هەولێر.
کاتێک لێی دەپرسی کامە کتێب لای ئەو زۆرترین بەهای هەیە، مومتاز حەیدەری بە سۆزەوە دەڵێت ”هەموو کتێبەکان لای من خۆشەویستن، بەڵام ئەوانەی بیرەوەری و یادگاریی گەنجێتیمن، وەک گۆڤاری هیوا، شەفەق، چیڕۆکەکانی چای شیرینی حسێن عارف و ئەوانەی زوو شتیان لێ فێر بووم، لە هەموویان خۆشەویستترن، چونکە ئەوانە قوتابخانەی من بوون“. مومتاز حەیدەری بەم شێوەیە، نەک تەنیا کتێبخانەیەکی بۆ شارەکەی دروست کردووە، بەڵکو خۆی بووەتە كتێبێكی زیندووی مێژووی خوێندنەوە لە هەولێرێ.

مومتاز حەیدەری لە کاتی کارکردن لە کتێبخانەکەیدا


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved