یەکێک لە شوێنە مێژوویی و باڵەخانە سەربازییە ناسراوەکانی هەولێر، قشڵەی سوارییە، کە لەلایەن سوپای عوسمانییەوە لە سەتەی نۆزدەدا بنیات نرا.
قشڵەی سواری وەک بنکەیەک بۆ سوپای سوارەی دەوڵەتی عوسمانی، لە شارە گەورەکان وەک بەشێک لە سیاسەتە سەربازییەکەی ئەو دەوڵەتە، بنیات دەنرا و دەبووە جێی مانەوەی سوپای سوارە و چەک و تفاقە سەربازییەکان. ئەرکی ئەو سەربازە سوارییانە، پاراستنی بنکە و بارەگە ئیدارییەکان و ئاسایش و سەقامگیریی شارەكان بوو.
قشڵەی سواری لە هەولێر، لە لای ڕۆژئاوای قەڵات لە گەڕەکی عارەبان، بنیات نرا.
هەڵبژاردنی شوێنەكە، بەشێوەیەکی ورد و دوای توێژینەوەی سەربازی و نەخشەی ئاوەدانی، لە نێوان قەڵات و بازاڕی هەولێر بوو. ئەو هێزەی لە قشڵەی سواری لە هەولێر جێگیر کرا، دەیتوانی لە نزیکەوە چاودێریی دەروازەکانی شار و بازاڕ بکات. بنیاتنانیشی، ڕەنگدانەوەی گرینگیی ئیداری و بازرگانیی هەولێر بوو، وەک بەشێک لە ویلایەتی مووسڵی ئەو كات.
بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی عوسمانییەکان، قشڵەی سواری ئەرکە سەربازییەکەی لەدەست دا و قۆناغێکی دیکەی بەسەردا هات، لە شەستەکانی سەتەی بیستەم دەیان خێزان لەوێندەر نیشتەجێ بوون، بەمەش چیی تر وەک شوێنێکی سەربازی لە مێژوودا، ناوی نەما و بووە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و شارسازیی هەولێر و هەولێرییەکان.
لەو قۆناغە نوێیەدا، لە جیاتیی دەنگی پێی سەربازەکان و حیلاندنی ئەسپەکان، دەنگی منداڵ و قسەی ژنان و جووڵەی پیاوانی کاسب، لە قشڵەی سواری بەرز بووەوە. بارەگە سەربازییەكە بووە شوێنێکی کۆمەڵایەتی و یەکێک لە بیرەوەرییەکانی ژیان و مێژووی دانیشتوانی گەڕەکی عارەبان و هەولێر.
ئەو گۆڕانکارییە لە قشڵەی سواری، شاهێدێکی مێژوویی بوو لە توانای باڵەخانە مێژوویییەکە لە گونجان لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و مانەوە وەک بەشێک لە مێژووی هەولێر.
دوای چەند دەیەیەکیش لە بوونی بەشوێنی نیشتەجێبوون، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری چۆڵکردنی دا، بۆ ئەوەی پارێزگاریی لێ بکرێت وەک بەشێک لە شارستانیەتی هەولێر، نۆژەن بکرێتەوە.
لە نیسانی ٢٠٢٦، قشڵەی سواری لە هەولێر وەک بەشێک لە بەرنامە و پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ڕێکخراوی (German Cooperation) بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارە خۆجێیەکان، پاک كرایەوە و ئەو زێدەڕۆیییانەی لە دەوروبەری و ناویدا دروست کرابوون، کە لایەنە مێژوویی و هونەرییە تەلارسازییەکانی دەشێواند، لادرا. بەمەش نیشانە و بەها مێژوویییەکەی بۆ گەڕایەوە.
ئێستە قشڵەی سواری لە هەولێر، جگە لە نۆژەنکردنەوەیەکی سنووردار، پێویستی بە دونیابینییەکی ئاوەدانی و ژیارییە لەسەر بنەمای پاراستنی شوێنەوار و نۆژەنکردنەوە بە پارێزگاریکردن لە ناسنامە مێژوویییەکەی، بۆ ئەوەی ببێتە سەنتەرێکی ڕۆشنبیری و کولتووری کە مۆزەخانەیەک لە خۆ بگرێت، مێژووی هەولێر لە سەردەمی عوسمانییەکان نیشان بدات، جگە لە دروستکردنی هۆڵ بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان، تا ببێتە ناوەندێکی گەشتیاریی مێژووییی هەولێر.
بە نۆژەنکردنەوەی قشڵەی سواری لە هەولێر، قۆناغە مێژوویییەکانی ئەو قشڵەیە بۆ سێ قۆناغ بەرز دەبێتەوە، لە بنکەیەکی سەربازییەوە بۆ ئاوەدانی و نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان، پاشانیش بۆ بنکەیەکی ڕۆشنبیری، شوێنەواری و گەشتیاری.