ئێواران ماڵێكی دێرین كە كەوتووەتە لا کۆڵانێكی تەسکی گەڕەکی بایزاغای کۆیێ، هێواش هێواش بە سەردانی خەڵك جووڵەی دێتەوە بەر، جووڵەی ژیانێکی نوێ كە تێکەڵ بە بۆنی مێژوو و دیوارە قوڕینەکان دەبێت.
ئەو ماڵە كە بەسەر شەقامی ڕەزاندا دەڕوانێت، ساڵانێك كەلاوەی یادەوەرییەکانی بنەماڵەیەكی ناودار بووە بەناوی حاجی مەجید، پیشەیان بازرگانیی تووتن بووە و یەکێك بوون لە دەوڵەمەندەکانی شار، حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی ٢٠١٣ خانووەكەی كڕیوەتەوە و نۆژەنی کردووەتەوە تا بخرێتە سەر شوێنەواری کۆیە. لە پاریشەوە كراوەتە ئینستیتیوتی (زەینەب خان - کچە کورد)، ئێستە بووەتە پردێك لە نێوان ڕەسەنایەتیی دوێنێ و نوێگەریی ئەمڕۆی كۆیێ.
مەهاباد ئازاد سەرۆکی ئینستیتیوتەکەیە، بە پەرۆشەوە باس لەو خەونە دەکات کە لەناو ئەم دیوارە دێرینانەدا گەورەی دەکەن و دەڵێت ”ئەو ناوەندەمان لە ئاداری ٢٠٢٣ەوە دامەزراندووە، گرینگی بە لێکۆڵینەوەی فیکری، زمانناسی، کوردناسی، وەرگێڕان و هۆشیاریی کولتووری دەدەین. دەمانەوێت ڕۆحیەت و توانای داهێنان لە کن خانمان و گەنجان بەهێز بکەین لۆ وەی دەرفەتی ڕاستەقینەی کاریان لۆ بڕەخسێ و بە بڕوابەخۆبوونەوە هەنگاو بەرەو ئایندە بنێن“.
بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە، ئینستیتیوتەکە بەردەوام و خۆبەخشانە بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی دارایی، چەندین خول و وۆرکشۆپ بۆ گەنجانی کۆیە و دەوروبەری دەكاتەوە، بەتایبەتی بۆ كچان و خانمان. لەوانەش خولی کۆمپیوتەر، ئێکسڵ، ژیری دەستکرد، گەشەپێدانی زمانی ئینگلیزی، دۆزینەوەی هەلی کار و هۆشیاریی ئەلیکترۆنی، خولی پێداگۆجیی مۆدێرن بۆ مامۆستایان و خولی فێربوونی ئامێرەكانی مۆسیقای كوردی.
هەڵبژاردنی ناوی زەینەب خان بۆ ئەو ناوەندە بە ڕێککەوت نەبووە، بەڵکو وەك وەفادارییەکە بۆ ژنێکی پێشەنگ و فەرامۆشکراوی مێژووی کوردی، زەینەب خان (١٩٠٠-١٩٦٣)، خوشکی گەورەی دڵداری شاعیرە. ئەو یەکەمین کچی کورد بووە لە ساڵی ١٩٠٦ ڕووی لە قوتابخانەی ڕوشدیەی بەغدا کردووە.
ژنێکی ڕچەشکێن، شاعیر، کۆکەرەوەی فۆلکلۆر و چالاکوانێکی سیاسی کە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەکانی هیوا، دارکەر و خۆییبوون بووە، بە ناوی خوازراوی کچە کوردەوە چیڕۆکی لە گۆڤاری گەلاوێژدا بڵاو کردووەتەوە.
لە ژوورێکی ئەو خانووە کەلەپوورییەدا، ڕەنگەکان نیگای چاو تێر دەكەن. ناوی ژوورەكە (ماڵی مۆری)یە، کە کچە دیزاینەری کۆیە، لاڤە ئەمیر، تایبەتی کردووە بە جلی کوردی، مۆری، کڵاو و سەروکڵاوی ڕەسەن.
لاڤە بە دەم ڕێکخستنی مۆرییەکانەوە، دەڵێت ”زۆر سوپاسی پشتگیریی دکتۆرە مەهاباد و مامۆستا ئارەزوو و بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیێ دەکەم کە ڕێگەیان پێ دام لەو شوێنە ماڵی مۆری بکەمەوە“. شوێنەکە بۆ دیزاین و فرۆشتنی جلی کوردی و سەروکڵاوی کۆن و نوێیە، تا گرینگی بەو لایەنە كەلەپوورییە بدرێت بپارێزرێت لە لەناوچوون.
ئێواران کاتێک خەڵکی کۆیە و میوانان بەناو حەوشەی ئینستیتیوتەکەدا پیاسە دەکەن، ڕوو لە قاوەخانەی ناو حەوشەکەی دەکەن. لەوێ بەدەم خواردنەوەی قاوەیەکەوە، هەست بەئارامی و بۆنی جاران و شارستانیەتی کۆنی كۆیێ دەکەن.
خەونەکانی ئینستیتیوتی زەینەب خان کۆتاییی نەهاتووە. مەهاباد ئازاد موژدەی ئەوە دەدات کە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ماڵپەڕی فەرمیی ئینستیتیوتەکە کارا دەبێت تا ببێتە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوە، شیعر و چیڕۆک و دەنگی ڕەسەنایەتیی کۆیە، بەهرەی گەنجەکانی بە جیهان بگەیەنن، وادە و كاتی چالاكییەكانیشیان پێشوەختە لەوێ بڵاو بكەنەوە.