قەڵات و دیواری چین
قەڵات و دیواری چین
November 01, 2026

لەمەودوا لە دووریی زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتر لە هەولێرەوە، لە ناوەڕاستی پایتەختی چین، دەنگی پیتەکانی (ڕ، خ، ڵ) لەناو پۆلەکانی یەکێک لە بەهێزترین زانکۆکانی جیهان دەبیسترێت.
لە ناوەڕاستی ئەیلوولی ئەمساڵ، ١١ خوێندکاری چینی لەسەر کورسییەکانی زانکۆی پەکین بۆ خوێندنی بیانی (BFSU) دانیشتن، تا بۆ ماوەی چوار ساڵ بەشێوەیەکی ئەکادیمی فێری زمانی کوردی بن، سێ ساڵی یەکەم سۆرانی و ساڵی چوارەمیش کرمانجی دەخوێنن، ئەمەش لە سایەی کردنەوەی بەشێکی سەربەخۆ و ستراتیژییە بە هاوبەشیی فەرمیی زانکۆی سەڵاحەدین.
زانکۆی پەکین بۆ خوێندنی بیانی، ناوەندێکی زانستیی ئاسایی نییە، بەڵكو لە ناوەندە سیاسییەکاندا بە لانکەی دیپلۆماتکارانی چین دەناسرێت، زیاتر لە ٥٠٠ باڵوێز و سێ هەزار کونسوڵ و ڕاوێژکاری سیاسیی پێ گەیاندووە.
لەسەر ئاستی چین، لە بواری زماندا خاوەنی پلەی یەکەمە (+A) و بەپێی ڕیزبەندیی (QS)ی ٢٠٢٥یش، لە پلەی هەژدەیەمینی جیهان دایە. لەم زانکۆیەدا ١٠١ زمانی بیانی دەگوترێنەوە، زمانی کوردی وەک ٨٤ـەمین زمان، شوێنی خۆی لەم خانەوادە جیهانییەدا کردەوە.
د. کامەران یونس سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، بەوپەڕی شانازییەوە باس لەم دەستکەوتە دەکات و دەڵێت ”ئێمە لە کۆلێژی زمان، گرینگییەکی زۆرمان بە زمانە زیندووەکانی وەکی تورکی، ئەڵمانی، فەڕەنسی و چینی دایە، بەس کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆیەکی ئاستبەرزی وەکی پەکین، لە وڵاتەک کە سەرووی ملیارەک و چوارسەت ملیۆن دانیشتووی هەیە، بایەخەکی یەکجار گەورەی لۆ پێگەی زانکۆکەمان و بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی چین هەیە“.
سەرۆکی زانکۆ باس لە قۆناغی دوای کردنەوەی ئەو بەشەی زمانی كوردی دەكات لە زانكۆ چینییەكە و دەڵێت لە هەموو شتێك گرینگتر ئەوەیە بتوانین بەردەوامیی پێ بدەین و ڕانەگیرێت. نموونەیەك دێنێتەوە بەوەی پێشتر لە زانكۆیەكی ڕووسیا بەشەكی لەو شێوەیەی زمانی كوردی هەبوو، بەداخەوە دوای دوو ساڵ داخرا، ئێستەش هەمان زانکۆ داوای کردیتەوە دووبارە بەشەكە بکەینەوە.
ئاماژەش بەوە دەکات کە مامۆستایانی بەشە کوردییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین ئامادەن بە خۆبەخشیش وانە بڵێنەوە، بەڵام بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، پێویست بە پاڵپشتیی حکوومەت و سەرمایەدارانە.
چیڕۆکی ئەم هاوبەشییە لە ٢٠١٩ەوە سەری هەڵدا، کاتێک زانکۆی سەڵاحەدین یەکەمین بەشی زمانی چینیی کردەوە. د. ئاوارە ئیبراهیم ئەمین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆکە، باس لە چۆنیەتیی گەڵاڵەبوونی بیرۆکەکە دەکات و دەڵێت ”لە زانکۆی پەکین بیرۆکەکە هەبوو، بەس پێویستیان بە دەستپێشخەریی ئێمە بوو. داوایان کرد میوانداریی مامۆستایەکیان بکەین لۆ وەرگرتنی کۆرسەکی چڕ. ئێمەش لۆ چوار مانگ لە هەولێرێ پێشوازیمان لێ کرد و پڕۆگرامەکی تایبەتمان لۆ دانا. دواتر ئەو مامۆستایە گەڕاوە و بووە سەرۆکی بەشی کوردی لە زانکۆی پەکین“.
د. ئاوارە سەرسامیی خۆی بە وەرگرتنی ١١ خوێندکاری چینی لە یەکەم ساڵدا ناشارێتەوە و دەڵێت ”تەنانەت سەرۆکی بەشەکەش بڕوای نەدەکرد قوتابیی چینی بەو ئاستە پێشوازی لە زمانەکی نوێی وەکی کوردی بکەن، بەتایبەت کە پێشتر هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ كورد نەبووە“.
لە پشتی پەردەوە، د. دیار عەلی ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە و زانکۆی پەکین بە فەرمی سوپاسنامەی بۆ ناردووە. ئەو کە پێشتر چوار ساڵ وەک بابەتی بژاردە، زمانی کوردیی لەو زانکۆیەدا گوتووەتەوە و سەرپەرشتیی هەڵسەنگاندنی مامۆستا نوێیەکانی کردووە، باس لە سەختییەکانی بەردەم پڕۆژەکە دەکات و دەڵێت ”گەورەترین ئاڵنگاری، نەبوونی سەرچاوەی ئەکادیمییە لۆ فێرکردنی کوردی وەکی زمانەکی بیانی. سەرچاوەکان هێندە دەگمەنن لە ئاستی کۆلێژەکی باڵای وەکی پەکین نین. جگە لە كتێب، پێویستمان بە ڤیدیۆ و کەرەستەی فێرکاریی دیكەش هەیە“.
د. دیار ئاماژە بە کێشە زمانەوانییەکانیش دەکات ”لە کوردیدا دەنگگەلەک هەن وەکی (ڕ، خ، ڵ) کە لە زمانی چینیدا نین، ئەمەش لۆ قوتابییەکان زەحمەتە. فرەییی شێوەزارەکانیش و تێکەڵبوونی دەقە کلاسیکییەکان بە عەرەبی و فارسی، تێگەیشتنیان ئاڵۆزتر دەکات“. لە پاڵ ڕەهەندە ئەکادیمی و دیپلۆماسییەکەیدا، ئەم هەنگاوە دەروازەیەکی گەورەی ئابووری و تەکنەلۆژییە. لە کاتێکدا دەیان کۆمپانیای زەبەلاحی چینی لە کەرتی نەوت و بیناسازیی کوردستان کار دەکەن و هەولێر کەوتووەتە سەر (ڕێگەی ئاوریشمی نوێ)، دەرچووانی ئەم بەشانە دەبنە پردی ڕاستەوخۆی لێک تێگەیشتن و بازرگانی.
لە هەمووشی گرینگتر، زانکۆی پەکین خاوەنی تاقیگەی نیشتمانیی (ژیری دەستکرد و زمانە مرۆیییەکانە). تێکەڵبوونی زمانی کوردی بەم ناوەندە هاوچەرخە، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی فۆنت و ڕێنووسی کوردی لەناو زیرەکی دەستکرد و بزوێنەرە تەکنەلۆژییە زەبەلاحەکانی چیندا. زمانی کوردی ئیتر لە قاوغە ناوخۆیییەکەی دێتە دەرەوە و لەسەر کورسییەکانی پەکین، خۆی بۆ مێژوویەکی نوێ ئامادە دەکات.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved