جۆرە سمۆرەیەكی نوێ لە كوردستان دەردەكەوێت
جۆرە سمۆرەیەكی نوێ لە كوردستان دەردەكەوێت


گەنجینەی دەوڵەمەندی سروشتی کوردستان، کە دەیان ساڵ لەژێر سایەی شەڕ و كاولكردنی گوندەکان بریندار كرابوو، لە ڕێگەی پڕۆژەیەكی گرینگەوە، دەچێتە قۆناغێكی هاوچەرخ لە تۆماركردنی چەشنەكانی و پاراستنی بەشێوازێكی زانستی. لەنێو سەتان جۆری جیاوازی گیانلەبەری تۆماركراودا، جۆرە سمۆرەیەكی زەمینی بۆ یەكەم جارە لە هەولێر و كوردستان بە ناوی (سمۆرەی زەویی ئاسیای بچووک Spermophilus xanthoprymnus) دەبیندرێت و تۆمار دەكرێت، كە نیشتمانی ئەو جۆرە سمۆرەیە ئەناتۆڵیایە و پێشتر لە كوردستان نەبینراوە.
دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن، لە هەنگاوێکی نیشتمانیی گەورەدا بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی ڕەنگەکانی ژیانی سروشتی، ڕۆژی ٢٠/١٠/٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (فرەچەشنیی زیندەیی لە کوردستان) ڕاگەیاند.
پڕۆژەکە لە ڕێگەی بنکەی زانیاریی ماڵپەڕی فەرمیی (www.biodiversity.krd) و نەخشەی زیندووی زیرەکەوە، داتای توێژەران و سەرچاوە زانستییەکان لە پلاتفۆڕمێکی هاوبەشدا کۆ دەکاتەوە، تا ببێتە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکان، توێژەران و ئارەزوومەندانی ژینگە، هەروەها بۆ منداڵانی كوردستانیش تا لێیەوە شارەزای سروشتی نیشتمان بن.
لە قۆناغی سەرەتای پڕۆژەكەدا، داتای دوو هەزار و ٢٥٢ جۆری زیندوو بە وردی تۆمار کراون و پشکنینیان بۆ کراوە، لەو ژمارەیەشدا یەك هەزار و ٤٠٨ جۆری ڕووەک و ٨٤٤ جۆری ئاژەڵن کە بە وێنەوە، زانیاریی تایبەت بە جۆرە دەگمەنەکان و ئەوانەی لەژێر مەترسیی لەناوچووندان لەخۆ دەگرێت.
بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە مەیدانییە گەورەیە، تیمێکی فرەپسپۆڕ لە هەشت پسپۆڕی کەشوهەوا، هەشت توێژەر، چوار وێنەگر، دوو نووسەر و ڕاوێژکارێکی تایبەت پێک هاتوون.
هەر لە ڕێوڕەسمی كردنەوەكەدا، كتێبێكی زانستیی نوێ بە ناوی “شیردەرەکانی هەرێمی کوردستان” ناسێندرا کە بەرهەمی توێژینەوەی پشتڕاستکراوەی زانستییە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا دەستپێشخەرییــــــــەکەی بە هەنگاوێکی زۆر گرینگ ناو برد بەرەو زیاتر بەجیهانناساندنی پێکهاتە جیاوازەکانی سروشتی ڕەنگین و دەوڵەمەندی کوردستان.
سەرۆکی حكوومەت ئاماژەی بە مێژووی سەت ساڵی ڕابردوو کرد کە چۆن لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بە هەزاران گوند و دارستان سووتێنران و چەکی کیمیاوی لە دژی سروشت و خەڵک بەکار هات. ئەوەشی دووپات کردەوە کە ژینگەپارێزی تەنیا ئەرکی حكوومەت و پاکڕاگرتن نییە، بەڵکو کولتووری پاراستنی دار و درەخت و ئاژەڵە لە سەردەمی گۆڕانی کەشوهەوادا. لەو ڕوانگەیەشەوە داوای لە هاونیشتمانیان کرد بە ناردنی وێنە و بەڵگە زانستییەکان هاوکار بن، تا هەر ئاژەڵ و ڕووەکێک لە هەر بستێکی خاکی کوردستاندا هەبێت، تۆمار بکرێت.
بەدەستپێکردنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە لە ڕێگەی دەستپێشخەریی Climate.KRD، ژیانی کێویی کوردستان لە فەوتان و پەڕاوێزخستن دەپارێزرێت و دەچێتە قۆناغێکی هاوچەرخەوە، تا ئەو سروشتەی مێژوویەک شەڕ ڕووبەڕووی وێرانکاریی کردەوە، بە هۆشیاری و داتای زانستی وەک ناسنامەیەکی زیندوو بۆ داهاتوو بپارێزرێت.

دیمەنێكی كردنەوەی پڕۆژەی نیشتمانیی فرەچەشنیی زیندەیی لەلایەن دامەزراوەی كوردستان فاوندەیشن لە هەولێر


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved