هەندێک خێزان، ڕەفتارەكانی جارانی کۆڵان دەبەنە ناو تاوەرەکان، ڕاڕەوی نهۆم وەک شەقامی گەڕەک دەبینن، لەگەڵ دراوسێ كۆ دەبنەوە و منداڵەكانیان جار هەیە لەو ڕاڕەوەدا تۆپانێش دەكەن. تەلارسازێك پێی وایە کاریگەری ژیانی ئەپارتمان لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ لە هەولێر، جیاوازە. لە دیوەکی دیكەی ئەو ژیانە نوێیەدا، ئەسانسۆری تاوەرێكی بەرزی ئیمپایەر، بە بێدەنگییەکی سارد و قورس بەسەر نهۆمەكاندا سەردەكەوێت، سێ چوار سەرنشینی تێدایە، کەس ئەوی دی ناناسێت، وشەیەک دەرنابڕن، هەریەك لە گۆشەیەكەوە چاوی بە شاشەی مۆبایلەوە نووساوە.
لە خوار ئەو دیمەنە، لە دووریی چەند سەت شەقاوێك، دۆخەكە تەواو پێچەوانەیە؛ دراوسێ لەپێش دەرگەی یەكدی و لە كۆڵانێش تووشی یەك بن، سڵاو و گفتوگۆیەكی گەرم دەكەن. ئێستە چەمکی دراوسێیەتی لە تاوەرە بەرزەكان و کۆمەڵگە داخراوەکان (گەیتد کۆمیونیتی)ی هەولێرێ مانایەکی جیاوازی هەیە، شێوازی ژیانی مۆدێرن، پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی كەم كردووەتەوە و خەڵكی بەرەو گۆشەگیری پەلكێش كردووە.
لە وەتەی دەیەی ڕابردووەوە، بەردەوام پڕۆژەگەلی نیشتەجێبوونی ستوونی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان بەخێرایییەکی سەرسوڕهێنەر زیاد دەبێت، وای لێ هاتووە هەندێك جار هەست بكرێت چیی دی ژیانی ئاسۆیی و حەوشە گەورەكان برەوی جارانیان نامێنێت، خەڵك ڕوو لە نیشتەجێبوونی ستوونی دەكەن، تا لەناو ئەپارتمان و تاوەرەکان بژین، بەتایبەت نەوەی نوێ، ئەوانەی نایانەوێت لە ژیانی مۆدێرنی شار داببڕێن.
ئەم وەرچەرخانە تەنیا گۆڕانی فۆرم و شێوەی خانوو نییە، بەڵکو گۆڕانێکی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتییە، ئەوانەی لە ڕابردوودا تەنیا بە هەبوونی باخچە و حەوشە هەستیان بە ئازادی دەکرد، ئێستە ژیانی خۆیان دەگوازنەوە ناو ئەپارتمانی تاوەرە بەرزەكان.
د. کاروان محەمەدئەمین تەها ئەندازیاری تەلارساز، كە هەردوو بڕوانامەی ماستەر و دكتۆراكەشی لە بەریتانیاوە پەیوەندیدار بەشێوازی نیشتەجێبوون و تەلارسازیی هەولێر بەدەست هێناوە، لە بارەی کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ئەو جۆرە ژیانەوە، پێی وایە گواستنەوە لە گەڕەکێکی میللییەوە کە تێیدا خێزانەکان خاوەنی ڕووبەری فراوانی ناوخۆیی، باخچە، گەراج و تایبەتمەندی (پرایڤەسی) تەواو بوون، بۆ ئەپارتمانێك کە دیوار و سەقفەکانی هاوبەشن و خزمەتگوزارییەکانی دەبنە بابەتێكی گشتی، ئاڵنگارییەکی گەورەیە و کاتی دەوێت بۆ خۆگونجاندن.
خاڵێکی سەرنجڕاکێش لە قسەکانی ئەم تەلارسازەدا ئەوەیە کە هەندێک خێزان، ڕەفتارە کۆنەکانی کۆڵانەکانیان بردووەتە تاوەرەکان. هەندێکیان ڕاڕەوی نهۆمەکەیان وەک شەقامی ناو گەڕەک دەبینن، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە كاریگەری ژیانی ئەپارتمان لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ لە هەولێر جیاوازە لە شارەکانی ڕۆژئاوا، چونکە هەولێر شارێکی دێرینە و تازە پێ دەنێتە قۆناغی گەشەسەندنی شارنشینی مۆدێرن. بۆیە دەڵێت ئەمە وا دەكات هەندێك جار بە پەنجەرەی ئەپارتمانێكەوە جلوبەرگی هەڵخراو ببینی یان مافوورێكی گەورە بە باڵكۆنی ئەپارتمانێكەوە هەڵدەواسرێت، سەرباری ئەوەی زۆر جار دەبینی پایسكل و ماتۆڕسیكل سەر دەخرێنە ناو ڕاڕەوی نهۆمەكان، یان هەندێك خانەوادە لە بەردەم دەرگەی ئەپارتمانیان پێڵاوەكانیان بەجێ دێڵن. هەندێكیشیان تەنانەت بڕێك كەلوپەلی زیادیش لە ڕاڕەوەكان دادەنێن. كار گەیشتووەتە ئەوەی ژنەكان لە ڕاڕەوی نهۆمەكەیاندا، لەگەڵ دراوسێکان کۆ دەبنەوە، منداڵەکانیش وەک جاران لە بریی كۆڵان لە ڕاڕەوەكان یاریی تۆپی پێ دەکەن. ئەم تێکەڵکردنەی نەریتی کۆن و فۆرمی نوێ، دەکرێت هەستی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەنگە ببێتە هۆی بێزاری بۆ دراوسێکانی دیکە. وەک چارەسەریش، کاروان محەمەدئەمین پێشنیازی دروستكردنی ئەپارتمانی (Maisonette) دەکات کە بریتییە لە ئەپارتمانی نیمچە سەربەخۆ، لە دوو نهۆم یان زیاتر پێک دێت، دەرگەی چوونە ژوورەوەی تایبەتی هەیە و ڕاستەوخۆ لە دەرەوە دەکرێتەوە، لە بریی ئەوەی بە ڕاڕەو یان لۆبییەکی هاوبەشدا بڕوات. پێی وایە ئەو جۆرە ئەپارتمانە زیاتر لەگەڵ پێداویستیی ناوخۆییدا دەگونجێت، چونكە تایبەتمەندی و ئارامیی زیاتر بە خێزانەکان دەبەخشێت.
هەولێر لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەدا، ڕووخسارێکی نوێ و مۆدێرنی بەدەست هێناوە، بەڵام ژمارەیەک خاسیەت و دیزاینی ڕەسەنی کوردی و مێژووییی خۆی لەدەست دەدات. گەشەپێدانی ئەم تاوەرانە زۆر جار لەسەر دەستی وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا بیانییەکان دەکرێن. مەترسییە گەورەکە بە وتەی شارەزایانی بیناسازی ئەوەیە كە هەولێر خاوەنی کۆدی بیناسازیی سەربەخۆ نییە، ئەمەش وای کردووە هەر باڵەخانەیەک مۆرک و دیزاین و ستایلێکی جیاوازی هەبێت. پرسیارێکی جدییش لەسەر داهاتووی ژێرخانی شارەکە دروست بووە، ئایا تا چەند پلانی درێژمەودا هەیە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی شار؟ ئامادەسازی بۆ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان بەرگەی ئەم هەموو پڕۆژە زەبەلاحانە دەگرن؟
دکتۆر عەبدولباقی حەیدەری، کۆمەڵناس، شیکردنەوەیەکی قووڵتر بۆ ئەم وەرچەرخانە دەکات، پێی وایە گواستنەوە لە خانووی سەربەخۆوە بۆ ئەپارتمان بەتەواوی تێکەڵاویی دانیشتوان دەگۆڕێت. ئەگەر لە گەڕەکە هەژارنشینەکاندا پەیوەندییەکان گەرم و نافەرمی بن، لە ئەپارتمانەكاندا، لە سڵاوێکی سارد یان یەکتربینینێکی ناو ئەسانسۆر و ڕاڕەوەکان تێناپەڕێت.
ئەو دەڵێت ”دیوارە هاوبەشەکان تایبەتمەندیی دەنگی و بینین کەم دەکەنەوە، ئەمەش تێگەیشتنێکی نوێ بۆ ژیانی هاوبەش دەهێنێتە کایەوە، بەڵام زۆر جار دەبێتە هۆی تێکگیر بوون. گۆڕانی مانای خاوەندارێتی لە زەوی و باخچەوە بۆ چوارچێوەیەکی بچووک، کاریگەری لەسەر هۆگربوونی مرۆڤ بە شتەکانەوە دروست دەکات. خێزانە گەورەکان ناچار دەبن دابەش بن یان خۆیان بچووک بکەنەوە، ئەمەش ڕۆڵی ئەندامانی خێزان دەگۆڕێت. لە هەمووی خراپتر، منداڵ و بەتەمەنەكان چوونە دەرەوەیان بۆ ناو سروشت سنووردار دەبێت، ئەمەش گەشەی کۆمەڵایەتیی منداڵ لاواز دەکات و بەتەمەنەكانیش گۆشەگیر“.
ئەم کۆمەڵناسە لە بارەی لێكترازانی زیاتری چینایەتیشەوە هۆشداری دەدات، دەڵێت بەهۆی ئەوەی زیاتر چینی دەوڵەمەند و مامناوەند دەتوانن ئەپارتمان بکڕن، جیاوازییەکی کۆمەڵایەتیی زەق لە نێوان چینەکاندا دروست دەبێت. لە لایەکی دیکەشەوە، یەکانگیرنەبوونی خزمەتگوزارییەکان، قەرەباڵغیی شەقامەکان و تێکگیربوون لەسەر شوێنی وەستانی ئۆتۆمۆبێل، ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکەن.
کەمیی سەوزایی و زیادبوونی چیمەنتۆ لەم کۆمەڵگە ستوونییانەدا، گەرمیی شارەکە زیاد دەکات و کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر تەندروستیی دەروونی و جەستەییش؛ چونکە دوورکەوتنەوە لە سروشت، دڵەڕاوکێ زیاد دەکات.
حەیدەری ئاماژە بەوە دەكات كە كاتێك سەیری تاوەرە بەرزەكان دەكەی، هەست بە کەمبوونەوەی زەوی دەكەیت، بەتایبەتی لە ناوەندی شار، ئەمەش وای کردووە وەبەرهێنەران پەنا بۆ پڕۆژەی ستوونی ببەن، چونکە دەزانن کۆکردنەوەی دانیشتوانێکی زۆر لە یەک ڕووبەری کەمدا، قازانجێکی گەورەتریان پێ دەبەخشێت. بۆیە لە جێدەستی وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەتدا چ بیانی و چ ناوخۆیی، ئەوانەی بە شێوەیەكی سروشتی سەرنجیان لەسەر قازانجە، لایەنی کۆمەڵایەتی و ژینگەیییەكان پەڕاوێز دەخەن. لە ناوەڕاستی ئەم هاوکێشەیەشدا، دانیشتوانی شارەکە هەن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەم شارە ستوونییانەیان دەکەوێتە سەر، هەوڵ دەدەن لە ڕووی ڕۆشنبیری و دەروونیشەوە خۆیان لەگەڵ ستوونە چیمەنتۆیییەكاندا بگونجێنن.
تاوەرەکان هەرچەند بەرزتر بن سێبەری قورستر دەخەنە سەر پشتی شار، ئێستە دیوێكی هەولێر ماڵئاوایی لە بۆنی خاکی باراناوی و سەلاموکەلامی گەرمی کۆڵانەكانی جاران كردووە، بە بێدەنگی ڕادەستی ژیانی ناو قەفەزە ساردەکانی ئاسمان بووە، ڕەنگە نەوەكانی داهاتوو كەمتر تام و چێژی ژیانی حەوشە و دراوسێیەتیی ڕەسەن بچێژن، بەڵكو لەو فۆرمە نوێیەی ژیاندا، تەنیا دیوارێکی تەنك لە دراوسێیەكەی جوێ بكاتەوە، بەڵام دڵەکانیان هەزاران شەقاو لە یەکترەوە دوور بن.